کوردستان

“حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هێزە هەرێمییەکان دەیانەوێت فەرمانێکی دیکە بەسەر ئێزدییەکاندا بهێنن”

بەدران چیاکورد جێگری هاوسەرۆکایەتیی مەجلیسی بەڕێوەبەری هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرشی چەکدارانی سەر بە مستەفا کازمی بۆسەر شەنگال وەک بەردەوامیی فەرمان لەدژی ئێزدییەکان ناو برد.

جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وتوێژەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار، فەرمانەکانی پێشووی سەر ئێزدییەکانی بەبیر هێنایەوە و وتی: “خەڵکی ئێزدی هێشتا کردەوەکانی داعش و هاوکارەکانی لەبیر نەکردووە. هێشتا برینەکانی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ ساڕێژ نەبووەتەوە. بەشێک لە گۆڕە بەکۆمەڵاکانی ئەو فەرمانە هێشتا نەدۆزراوەتەوە. کەچی سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێستاش هەڕەشەیان لێدەکرێت.”

بەدران چیاکورد ئامانجی هێرشی ئەمڕۆژانە بۆسەر شەنگالی لە چوارچێوەی هەموو ئەو کۆمەڵکوژیانەدا لێکدایەوە کە لە ڕابردوودا بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە.

جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وتی: “خەڵکی شەنگال جارێکی تر ڕووبەڕووی پیلانێکی مەترسیدار بوونەتەوە. ئەم پیلانە بە هاوکاریی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچێت. ئەم هێرشەی هێزە عێراقییەکان بەپێچەوانەی دەستووری ئەو وڵاتەیە.”

بەدران چیاکورد، بە ئاماژەدان بە هاوکاریی پەدەکە لەو پەلامارانەدا وتی: “حکوومەتی عێراق لەباتی ئەوەی ئەرکی نیشتمانیی خۆی بەجێ بهێنێت و لەباتی ئەوەی خاوەندارێتی لە جڤاکی ئێزدی بکات و بیانپارێزێت، هێرش دەکاتە سەریان. ئەمە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراق ناکات.”

بەدران چیاکورد داوای لە گەلانی عێراق و هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کرد لەدژی ئەو هێرشانە هەڵوێست نیشان بدەن.

تەئکیدیشی کردەوە کە ئەوان وەک بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر شەنگال بە تەنیا جێناهێڵن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌