ئێران

نیگەرانییەکان بە نیسبەت دۆخی تەندروستیی بێهنام مووسیوەند پەرە دەسێنێت

دۆخی تەندرووستیی بێهنام مووسیوەندی زیندانیی سیاسی کە لە ڕۆژی سی خاکەلێوەوە دژی گوشارەکانی ناو زیندان، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، لە مەترسیدایە. چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکان بەنیسبەت هەبوونی مەترسیی لەسەر ژیانی ئەو زیندانییە سیاسییە هۆشدارییان داوە.

زیاتر لە ٣٣٠ چالاکی مەدەنی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، ڕایانگەیاندووە کە دۆخی تەندرووستیی بێهنام مووسیوەند، بەهۆی خوێنبەربوونی هەناو، ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

لە نامەکەدا هەروەها بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی پزیشکی سەبارەت بە ئەگەری لەکارکەوتنی جگەری ئەو زیندانییە سیاسییە هۆشداری دراوە.

هەروەها کانوونی نووسەرانی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەنیسبەت مەترسیی لەسەر ژیانی بێهنام مووسیوەند، ڕایگەیاندووە: “ئەم دۆخەی بەسەر بێهنام مووسیوەند تێیدایە، پێشتر دەیان جار لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کارەساتی لێکەوتۆتەوە.”

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی لە دۆخی تەندرووستیی بێهنام مووسیوەند داوای کردبوو دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

بێهنام مووسیوەند، هاوڵاتیی لوڕ و چالاکی سیاسی، لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم سێ جار ڕاپێچی زیندان کراوە و هەرجارەو سزای دوو تا پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

بێهنام مووسیوەند لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، یەکێ لە هاوڕێیانی نزیکی شەهیدان لوقمان مورادی و زانیار مورادی بوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌