ئێران

ئەمریکا: ئێران تەنها چەند هەفتە کاتی پێویستە بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی

ئەمریکا ئەڵێت؛ ئێران خەریکە لە بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە و تەنیا چەند هەفتە کاتی پێویستە.

جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی، دوێنی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا نیگرانی وڵاتەکەی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران دووپات کردەوە و وتی، تاران تەنها چەند هەفتەیەک کاتی پێویستە بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی.

پێشتر ئانتۆنی بلینکەن وەزیری دەروەی ئەمریکا ڕاگەیاندبووە، ئێران خەریکە لە بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە و چەند هەفتەیک کاتی پیویستە.

جێن ساکی وتیشی، پێشتر و بە پێی ڕێکەوتنی بەرجام وامان دانابوو، ئێران ساڵێک کاتی پێویستە بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی بەڵام لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕیکەوتنی بەرجام و هاوکات لە گەڵ دانوستانەکانی ڤیەننا ئێران بەردەوام خەریکی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی بووە.

ئێران لەو ماوەیەدا چاودێری کردنی دامەزاروە ئەتۆمییەکانی لە لایەن کارناسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاستەنگ کرد. بەم شێوەیە ڕێکەوتنی بەرجام پێشێلکراوە.

دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی بەرجام لە نەورۆزی ئەمساڵەوە ڕاگیراوە. ئێران و ئەمریکا یەکتری بە فراونخوازی لە دانوستانەکان تۆمەتبار دەکەن.

ئێران جیا لە هەڵگرتنی هەموو گەرمارۆکانی سەر تاران، دەرهێنانی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆر وەک مەرجی سەرەکی بۆ سەرگرتنی دانوستانەکانی ڤیەننا دەستنیشان کردووە.

لە بەرانبەردا ئەمریکا دەلێت، ئەگەر ئێران دەیەوێت هەموو سزاکان بەوانەی دەرەوەی ڕێکەوتنی بەرجامیشەوە هەڵبگیردرێت، پێویستە نیگرانییەکانی ئەمریکا جیا لە خاڵەکانی بەرجامیش بڕەوێنیتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌