کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانی: پێویستە هەموومان یەکگرتووانە لە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بوەستینەوە

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، یەکێ لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ڕژیمی داگیرکەری تورکیا، داوای لە گەلی کورد کردووە بە هەڵوێستێکی یەکگروو و نیشتمانپەروەرانە دژی ئەو داگیرکاریانە بوەستنەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “دەستەڵاتدارانی تورکیا دەیانەوێ وای نیشان بدەن کە لەو هێرشانەدا مەبەستیان تەنیا لێدانی پەکەکەیە. بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی داگیرکارییەکانیان زۆر لەوە گەورەترە.”

کۆمەڵەی یەکسانی لەو سۆنگەیەوە بەنیسبەت داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی گەلی کورد هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە: “دیکتاتۆرە نەژادپەرستەکانی تورکیا هەوڵ دەدن بۆ گەیشتن بە خەونی عوسمانیگەرایی نوێیان و لە چوارچێوەی ستراتیژیی شۆڤێنیانەیان، شەڕی کورد و کورد هەڵگیرسێنن.”

لە بەیاننامەکەدا بێدەنگیی زلهێزەکانی جیهان و وڵاتانی ئەورووپایی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە شەرمەزار کراوە و تەئکید کراوەتەوە کە بێهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکان لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت، تاوانە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەو سۆنگەیەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی یەکگرتووی گەل و لایەنە سیاسییەکان لەدژی ئەو داگیرکاریانە کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: “پێویستە هەوڵبدەین لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی بە ئیرادەی خۆمان پیلانەکانی دەستەڵاتدارانی تورکیا پوچەڵ بکەینەوە و کارێکی وابکەین ئەو پیلانەیان، بە زیان بەسەر خۆیاندا بشکێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌