ئێران

“تاکە ڕێگەچارەی دەستەبەربوونی مافی کرێکاران دەربازبوونی کۆمەڵگەیەکی بێدەوڵەتە”

پلاتفۆرمی دیموکراتکی گەلانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بەرەبەری یەکی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، دووپاتی کردۆتەوە کە مافی کرێکاران بە سیستەمی دەوڵەت نەتەوە چارەسەر نابێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەگەرچی تێکۆشانی کرێکاران سیستەمی چینایەتیی ئێستای ناچار بە گۆڕانکاری کردووە، بەڵام کێشەکان وەک خۆی ماوەتەوە. لە وڵاتانی پیشەسازیدا مافی کرێکاران وڵامدەری پێداویستییە مرۆییەکانی کرێکاران نییە و لە وڵاتانی ناپێشکەوتوو و نادیموکراتیکیشدا دۆخی کرێکاران جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کۆیلەداری نییە. لە وڵاتێکی وەک ئێران ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لەپێناو مافەکانیان، بە شەلاق و زیندان و دەرکردن لە شوێنی کار وڵام دەدرێتەوە.”

ڕاگەیەندراوەکە بەبیری هێناوەتەوە کە هەوڵەکانی پێشوو بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستیی هاوشێوەی چین، شۆڕەوی، کوبا و چەندین وڵاتی دیکە دەئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتۆتەوە. ئەمەشی بۆ خەسڵەتی دەوڵەت وەک ئامرازێکی بەڕێوبردن کە لە پاوانی حزب و دەسەڵاتێکی دیاریکراودا بووە، گەڕاندۆتەوە.

لەو سۆنگەیەوە چارەسەری لە تێپەڕاندنی کۆمەڵگە و زیهنییەتی دەوڵەتگەرا بینیوە و دەستنیشانی کردووە کە کرێکاران و چەوساوەکان دەبێ پێداگریی لەسەر ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ تێپەڕاندنی دەوڵەت بکەنەوە.

پلاتفۆرمی دیموکراتیکی گەلانی ئێران لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕۆژی جیهانیی کرێکارانی لە تەواوی گەلان، زەحمەتکێشان، ژنان و کرێکارانی ئێران و جیهان پیرۆز کردووە و داوای تێکۆشانی هاوبەش لەدژی ستەمکاری و دیکتاتۆریی کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌