ژن

خەڵکی ئێزدیی شەنگال دەڵێن ڕێگه نادەن سوپای عێراق دەستکەوتەکانیان لەناو ببات

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی زاپ و ئاڤاشین، سوپای عێراقیش لوولەی چەکەکانی ئاراستەی خەڵکی ئێزدیی شەنگال کردووە. دانیشتووانی شەنگالیش، دوو ڕۆژە بە ڕۆحی بەرخۆدانی گەریلاکان، ڕووبەڕووی سوپای عێراق وەستاونەتەوە.

دانیشتووانی شەنگال دوێنێ، سەرباری هەموو ئاستەنگییەکانی چەکدارانی سوپای عێراق، بۆ پشتگیری لە شەڕڤانانی ئێزدی، خۆیان گەیاندە ناوەندی ئاسایشی ئێزیدخان و تەئکیدیان کردەوە کە ڕێگە نادەن هیچ هێزێک هێرش بکاتە سەر ڕۆڵەکانیان.

ژنانی شەنگال بەشدارییەکی بەرچاویان لە گردبوونەوەی خەڵکی شارەکە لە بەردەم ناوەندی ئاسایشی ئێزیدخان بوو.

لە میانەی گردبوونەوەکەدا “کنێ خدر” ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئێزدی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لێدوانی دا.

کنێ خدر وتی: “حکوومەتی عێراق دەیەوێت دەستکەوتەکانی شەنگال، کە بە خوێنی شەهیدانمان بەدی هاتووە، لەناو ببات. ئەو کاتەی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و خەڵکی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد، سوپای عێراق و هێزەکانی پەدەکە لەکوێ بوون. ئەگەر یەک کەسیشمان بمێنێت، داکۆکی لە ڕۆڵەکانمان، چیا و بیر و باوەڕ و کولتوورمان دەکەین.”

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ژنانی ئێزدی داوای لە هەموو گەلی کورد کرد خاوەندارێتی لە خەڵکی شەنگال بکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌