کوردستان

چوارهاوڵاتی لە کامیاران سزای زیندانیکردنیان بە سەردا سەپێندرا

چوار چالاکوانی کامیارانی سزای زیندانی کردنیان بە سەردا سەپێندرا و دۆخی تەندروستی ژنە گیراوێکی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ئیلام ناجێگیرە.

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، چوار چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی خەڵکی کامیران بە تۆمەتی دژایەتی کردنی دەسەڵات هەر کامیان ٩١ ڕۆژ سزای زیندانی کردنیان بەسەر دا سەپێندراوە.

ناوی ئەو چوار هاوڵاتییە، محەمەد میرزا رەحمانی، سیراون قوربانی، ئامانج قوربانی و بورهان کەمانگەر ڕاگەیەندراوە کە پێشتر بە هۆی بەشداری کردنیان لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی حەیدەر قوربانی، گیراوی سیاسی کوردی لە سێدارە دراو لە کامیاران دەستبەسەر کرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، باس لە ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی خەدیجە مێهدی پوور، گیراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ئیلام دەکرێت.

خەدیجە مێهدی پوور، پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی گرتووخانە هەیە، بەڵام ڕێگای پێ نادرێت.

ناوبراو ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری ئیلام دەستگیر کرا و دواتر سزای ٢٠ مانگ زیندانی کردنی بە سەردا سەپێندرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌