ژن

بایدەمیر: پێویستە کردەوە دژەمرۆییەکانی ڕژیمی ئێران دەرحەق بە زەینەب جەلالیان دەستبەجێ کۆتایی پێبێت

عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری کوردی باکوور لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاریەن تیڤی وێڕای شەرمەزارکردنی گوشارەکانی ڕژیمی ئێران لەسەر زەینەب جەلالیان پشتگیریی خۆی لە کەمپەینی ئازادیی بۆ ئەو گیراوە سیاسییە کوردە دووپات کردەوە.

عوسمان بایدەمیر بە تەلەفزیۆنەکەمانی وت: “ڕژیمی ئێرانیش هەمان سیاسەتی ڕژیمی تورکیای لە بەرامبەر کوردان و گیراوانی سیاسی هەیە. ئەو زەخت و گوشارانەی لە زیندان بەسەر زەینەب جەلالیاندا سەپێندراوە، سەلمێنەری ئەمەیە.”

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەدەپە پشتگیریی خۆی لە کەمپەینی “ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان” دووپات کردەوە و وتی: “لێرەوە سڵاوی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی زەینەب جەلالیان دەکەم. منیش وەک دڵسۆز و وڵاتپارێزێکی کورد بەشداری ئەو کەمپەینە دەبم. پێویستە دەستبەجێ کردەوە دژە مرۆییەکانی ڕژیمی ئێران بەرامبەر بە زەینەب جەلالیان کۆتایی پێبێت.”

عوسمان بایدەمیر لە بەشێکی تری قسەکانیدا هەروەها سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر “حاتەم ئۆزدەمیر” زیندانیی سیاسیی خەڵکی باکوور لەلایەن ڕژیمی ئێرانی بە توندی شەرمەزار کرد و وتی: “سەپاندنی سزای لەو چەشنە قەت نەیتوانیوە هێز و ئیرادەی کوردان بشکێنێت.”

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد ماوەی ٦٢٨ ڕۆژە بۆ زیندانی یەزد دوور خراوەتەوە و بنەماڵە و پارێزەرەکەی نەیانتوانیوە چاویان پێی بکەوێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌