ئەمڕۆ لە ٤٢ەمین ڕۆژی جەنگ دا، شاری کراماتۆرسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا، وێستگەی شەمەندەفەری ئەو شارە کرایە ئامانجی هێرشی ڕۆکێت و لە ئەنجام دا زیاتر لە ٣٠ کەس ژیانیان لەدەست دا و زیاتر لە سەد کەسیش بریندار بوون کە ژمارەیەکیان برینەکانیان سەختە و ئەگەری ئەوە هەیە گیان لەدەست بدەن.
حکومەتی ئۆکراینا ڕایگەیاند کە ڕوسیا ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، وەزارەتی بەرگری ڕوسیاش ئەوەی ڕەد کردەوە و لە لێدوانێک دا دەسەڵاتی ئۆکراینا تاوانبار دەکات بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە، سوپای ڕوسیا لە دوێنێوە بە تەواوی لە باکوری ئۆکراینا کشاونەتەوە و سەربازە ڕوسەکان بۆ ناو روسیا و بیلاڕوسیا گەڕێندراونەتەوە.
هەواڵگری بەریتانیا ڕایگەیاندوە کە لەئێستا دا ئامانجی ڕوسیا پاراستنی هەرێمی دۆنباس و باشوری ئۆکراینایە.
لە دوایین ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەنابەران و ئاوارە سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە کە زیاتر لە ١١ ملیۆن هاوڵاتی ئۆکراینا ئاوارە بوون.