ژن

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە داوای ئازاد کردنی زەینەب جەلالیان دەکات

عایشە ئاجار باشاران، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە و ئەندام پەرلەمانی تورکیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، بانگی فراوانترکردنی پشتیوانی کردنی ژنان لە بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان دەکات و داوای ئازادی کردنی دەستبەجێ ئەو ژنە گیراوە سیاسییە کوردە لە گرتووخانەی ئێران دەکات.

عایشە ئاجار باشاران، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە بەرخۆدانی ژنانی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران وتورکیا کرد و وتی: ژنانی کورد لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافەکانیان لە گرتووخانەکانیش بێ دەنگ نابن و بەرخۆدان دەکەن.زەینەب جەلالیان یەکێک لەو ژنە بەرخۆدێرانەیە.

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە،وتی: زەینەب جەلالیان بە هۆی تێکۆشانەکانی بۆ ئازادی گەلی کورد و ژنان دەستگیر و زیندانی کراوە، ١٤ ساڵە بە هەموو شێوەیەک مافەکانی پێشێل دەکرێت و لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەشی بێ بەش کراوە.

عایشە ئاجار باشاران، بانگی لە ژنان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان کرد پشتگیری لە زەینەب جەلالیان بکەن و وتی: وەرن پێکەوە ببین بە دەنگی زەینەب جەلالیان و بانگی ئازادیخوازی ئەو ژنە گیراوە سیاسییە کوردە بگەینین بە هەموو جیهان.

ئەو ئەندامەی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا هەروەها، بانگی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کۆتایی بە سیاسەتی دژە کوردیان بهێنن و دەستبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌