جیهان

سکرتێری فۆروومی نێودەوڵەتیی وزە: لەوانەیە نەوت تا بەرمیلێک ١٥٠ دۆلار بەرز ببێتەوە

سکرتێری گشتیی فۆروومی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێ لەوانەیە نرخی نەوتی خاو بۆ بەرمیلێک ١٥٠ دۆلار بەرز ببێتەوە.

جۆزێف مەکمۆنیگڵ سکرتێریی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی وزە دوێنێ بە ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگی وت: “ئەگەر سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر ڕووسیا بەردەوام بێت و کڕیاران بەهۆی شەڕی ئۆکڕایناوە خۆ لە کڕینی نەوتی ڕووسیا دوور بگرن، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە نرخی نەوت لە ١٥٠ دۆلاریش تێپەڕێت.

مەکمۆنیگڵ بە ئاماژەدان بەوەی کە بەهۆی شەڕی ئۆکڕایناوە، بەرهەمی ڕۆژانەی ڕووسیا ١،٥ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، وتی: “بەگشتی نرخی نەوت بەندە بەوەی ڕووسیا دەتوانێ ڕۆژانە چەند بەرمیل بخاتە بازاڕەوە. لەوانەیە تا دوو هەفتەی دیکە ڕوون بێتەوە کە خستنەڕووی نەوتی ڕووسیا تا چ ئاستێک کەم بووەتەوە.”

بەپێی داتاکانی بازاڕ، ڕێژەی خستنەڕووی نەوت لە لایەن بەرهەمێنەرانەوە لە ڕێژەی داخوازیی نەوت کەمترە.

هەندێ لە چاودێران هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە وڵاتانی ئۆپێک لەگەڵ ڕووسیا و ڤەنەزوێللا توانای خستنەڕووی زیاتریان نییە. هەروەها ئەمریکاش نەیتوانیوە ئاستی بەرهەمێهێنانی نەوت بباتە سەرەوە.

هاوکات، بانکی جەی.پی. مۆرگان، یەکێ لە بانکە زەبەلاحەکانی ئەمریکاش پێشبینیی کردووە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ١٨٥ دۆلار.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌