کوردستان

بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیەوە

لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان گرانی و بەرزبوونەوەی بەردەوامی کاڵاکان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەرەبەری نەورۆزدا نرخی میوە و چەرەزات بە ڕادەیەک گرانە کە زۆربەی خەڵک توانای کڕینیان نییە.

بەپێی هەندێ ڕاپۆرتی میدیایی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران میوە بە دانە دەکڕن.

نرخی جۆرەکانی چەرەزات لە نێوان ١٨٠ هەزار تا ٥٧٠ هەزار تمەنە.

چەند هەفتەیەکیشە نرخی نانی لەواش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ٤٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە.

لە باشووری کوردستانیش نانەواخانەکانی شاری سلێمانی لەمڕۆوە نرخی نانی لەواشیان بۆ شەش نان لەبری هەزار دینار بەرز کردۆتەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئەمە دووەم جارە نرخی نان لە باشووری کوردستان بەرز دەبێتەوە.

خاوەن نانەواخانەکان گرانبوونی گەنم و هەروەها زۆربوونی باجی حکوومەتی هەرێم لەسەریان بە هۆکاری گرانبوونی نان دەزانن.

هۆشدارییش دەدەن کە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوە بەردەام بێت ئاوا نرخی نان زیاتر بەرز دەبێتەوە.

بێجگە لە نان، نرخی بەنزین، برنج و زۆربەی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

ژمارەیەک لە شۆفیر تەکسییەکانی شاری سلێمانی بەمڕۆوە سێ ڕۆژە دژی گرانبوونی بەنزین خۆپێشاندان دەکەن.

گرانبوونی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داهاتی مانگانەی نیوەی زیاتری خەڵک لەژێر هێڵی ڕەهای هەژارییەوەیە. لە باشووری کوردستانیش بەهۆی مووچە بە دوومانگ و بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌