جیهان

ڕووسیا باس لە پێشڕەویی زیاتر دەکات و ئۆکراینا دەڵی ٥٨٠٠ سەربازی ڕووسیم کوشتووە

شەڕی هێزە هەژموونگەرا جیهانییەکان لەسەر خاکی ئۆکراینا و لەسەر حیسابی گەلانی ئەو وڵاتە بەردەوامە. ململانێی هێزە هەژموونگەراکان لەم شەڕەدا، تا دێت زیاتر جیهان ڕووبەڕووی مەترسیی هەڵگیرساندنی شەڕی ئەتۆمییەوە.

ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینای بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە و هێزەکانی دەربازی شاری خاکیف لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بوون.

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزی زیاتری ڕووسی بۆنزیک شاری کیەڤی پایتەخت، دەوڵەتی ئۆکراینا داوای لە خەڵکی شارەکە کردووە خۆیان بۆ بەرەنگارییەکی توند ئامادە بکەن.

ڕووسیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر ژێرخانی ئابووری، پیشەسازی و سەربازیی ئۆکراینا چڕ کردۆتەوە. دوێنێ و ئەمڕۆ چەندین ناوەندی هەستیاری پایتەختی ئۆکراینا بە ئامانج گیراون.

ئۆکرایناش ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٥٨٠٠ سەربازی ڕووسی لە شەڕی یەک هەفتەی ڕابردوودا کوژراون. تا ئێستا سەرچاوەیەکی بێلایەن ئەم ئامارەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لەدژی ڕووسیا تادێت زیاتر دەبێت.

فەڕەنسا لەدژی ڕووسیا شەڕی هەمەلایەنی ئابووری و دارایی ڕاگەیاندووە. سویدیش بڕیاری داوە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەکانی ڕووسیا دابخات و یارمەتیی سەربازی بۆ ئۆکراینا ڕەوانە بکات.

ڕووسیا کاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەم هەڵوێستانەی سوید نیشان داوە و زمانی هەڕەشەی بەکار هێناوە.

ڕووسیا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە هێزی تایبەتی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی خستووەتە ئامادەباشییەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌