جیهان

هەتا ئێستا لانیکەم دووسەد هەزار هاوڵاتیی ئۆکراینی ئاوارە بوون

لە چوارەم ڕۆژی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا، شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی هەردوولا لەچاو دوو ڕۆژی ڕابردوو قورستر بوو.

ڕووسیا دەڵێ خارکێڤ دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینای خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. لایەنی بەرامبەریش دەڵێ هێزەکانی ڕووسیا هاتوونەتە ناو شارەکەوە، بەڵام شەڕ لەو شارە هێشتا بەردەوامە.

ڤلۆدیمیر زێلینێسکی سەرۆک کۆماری ئۆکراینا پێشنیاری ڕووسیا سەبارەت بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە وڵاتی بیلاڕووسیای ڕەت کردۆتەوە و وتوویەتی لە کاتێکدا کە بێلاڕووسیا لایەنێکی شەڕەکەیە، ئامادە نییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕایەدارانی ڕووسیا بچێتە ئەو وڵاتە.

زێلینێسکی وتوویەتی ئامادەیە لە ناوچەیەکی سەر سنووری ئۆکراینا و بێلاڕووسیا، لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسی دانووستان بکات.

زۆربەی وڵاتانی ئەورووپایی ئاسمانی خۆیان بەڕووی فڕۆکەکانی ڕووسیا داخستووە. ڕووسیاش لە بەرامبەردا ئاسمانی خۆی بەسەر فڕۆکەکانی ئەو وڵاتانەدا داخستووە.

هەروەها سوید ئەمڕۆ لە دوایین ساتەکاندا، ڕێگریی لە دەربازبوونی فڕۆکەی سەرۆکی پەرلەمانی ڕووسیا بەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتەدا کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕووسیاش هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەتا ئێستا لانیکەم ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی ئۆکراینی ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون. بەرپرسانی ئۆکراینی دەڵێن لانیکەم دووسەد هاوڵاتیی سڤیلی ئەو وڵاتەش کوژراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌