جیهان

نرخی نەوت، زێڕ و دانەوێڵە بەرز بووەوە و بەهای پشکەکان لە بازاڕەکانی بۆرسە دابەزی

هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا نرخی نەوتی خاوی بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا بەرز کردەوە. لە بەرامبەردا بەهای پشکەکانی بازاڕەکانی بۆرسەش دابەزی.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای پەرەسەندنی قەیرانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، نرخی نەوتی خاو بەردەوام بەرز بووەتەوە، بەڵام لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هاوکات لەگەڵ دەست پێکردنی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەرووی ١٠٥ دۆلار بەرز بووەوە.

هەروەها نرخی زێریش لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ١٩٠٦ دۆلارەوە بۆ زیاتر لە ١٩٧٣ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرز بووەتەوە.

نرخی دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکانیش بە هەمان شێوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. ئۆکرانیا یەکێ لە وڵاتانی هەناردەکاری گەنم و دانەوێڵەیە.

لە بەرامبەردا بەهای پشکەکان لە بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان دابەزیوە.

بەهای پێوانەکانی “نەزداک”، “داوجۆنز” و “ئێس ئەند پی” لە بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان لەنێوان دوو بۆ پێنج لەسەد دابەزیوە.
لەمناوەدا پشکەکانی کۆمپانیای نەفتیی “گازپرۆم”ی ڕووسیا بەڕێژەی ٣٦ لەسەدی بەهای خۆیان لەکیس داوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌