ژن

کۆنگرا ستار داوای لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر دۆخی ڕێبەر ئۆجالان بێتە دەنگ

کۆنگرا ستار، ڕیکخستنی چەتریی ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژئاوی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لێ کردووە دژی گۆشەگیریی ڕەها لەسەر ڕێبەر ئۆجالان هەوڵوێست نیشان بدات.

لە نامەکەدا کە لەلایەن کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگراستارەوە نووسراوە هەڵسوکەوتی دژەمرۆییانەی ڕژیمی تورکیا بەرامبەر بە ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کورد بەگوێی ئانتۆنیۆ گۆترێشدا دراوەتەوە و داوای هەڵوێستی لێ کراوە.

لە نامەکەدا ئەوە بەبیر هێنراوەتەوە کە ئامانجی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی فێبرییە ئەوە بووە پێش بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و گەشەکردنی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرن.

کۆنگرا ستار تەئکیدی کردۆتەوە کە لە زیندانی ئیمراڵی مافی مرۆڤ بە ئاشکرا پێشێل دەکرێت.

ڕەخنەشی لە کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی ئەورووپا ناسراو بە سی.پی.تی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو کۆمیتەیە سەبارەت بە ئیمراڵی ئەرکەکانی خۆی بەجێ نەهێناوە.

کۆنگرا ستار لە نامەکەیدا ئاستەنگرکردنی دیداری بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ ڕیبەر ئۆجالانی وەک نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناو بردووە و ڕایگەیاندووە: بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی و مرۆیی خۆتان بەجێ بهێنن و بێدەنگیتان بەرامبەر بە تاوانە نامرۆییەکانی ڕژیمی تورکیا لەدژی گەلی کورد بشکێنن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌