ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نەتەوە یەکگرتووەکان: ٢ هەزار منداڵ لە ڕیزی حووسییەکان کوژراون

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا باس لە کوژرانی بە لانی کەمەوە ٢ هەزار منداڵ لە ڕیزی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن دەکات.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە بن پێکردنی خاڵەکانی گەمارۆی چەک و تەقەمەنی بۆ سەر حووسییەکان کراوە و هاتووە، حووسییەکان بەردەوامن لە چەکدارکردنی منداڵان و ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ.

ڕاپۆرتەکە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و تێدا ڕاگەیەندراوە، لە ژانوییە ٢٠٢٠وە تا مانگی مەی ٢٠٢١، زیاتر لە ٢ هەزار منداڵ لە ڕیزی چەکدارە حووسییەکان و لە بەرەکانی شەڕدا کوژراون.

هەروەها ئاماژە بە بە کار هێنانی قوتابخانە و مزگەوتەکان لە لایەن حووسییەکانەوە کراوە بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژی و هاندانی منداڵان بۆ شەڕ.

حووسییەکان وەک بەرەی شێعە ولایەنێکی شەڕی یەمەن، لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە ساڵی ٢٠١٥وە لە ناو لیستی گەمارۆی چەک و تەقەمەنی نەتەوە یەکگرتووەکاندان.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌