چارەنووسی ژمارەیەک ژنی ناڕازی لە دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان نادیارە کە لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستگیر کراون.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی تاڵیبان ژمارەیەک چالاکوانانی ژن لەوانە،تەمنا زەریابی و سێ خوشکی و ژنێکی دیکە بە ناوی پەروانە ئیبراهیم خەلیل ڕفاندووە.
چالاکوانانی ژن و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەلێن، ئەو ژنانە چالاکوانی مەدەنین و لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان چالاکی و رۆلیان هەبووە.
هەروەها ژمارەیەکی دیکەی ژن لە گردبوونەوە نارەزایەتیەکانی ژنان دژی دەسەڵاتی تاڵیبان لە کابول و شارەکانی دیکە دەستگیر کراون.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان بانگ لە ڕای گشتی و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی نێونەتەوەیی دەکەن سەبارەت بە نادیار بوونی چارەنووسی ژنە دەستگیرکراوەکان لە لایەن تاڵیبانەوە بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.
ژمارەیەک لە ژنانی چالاک و ڕاگەیاندنکاری ئەفغانستانی سەبارەت بە بێ دەنگی نێودەوڵەتی لە بارەی دۆخی ژنان لەو وڵاتە نیگرانی دەردەبڕن و بانگ لە کاربەدەستانی وڵاتانی ئەوروپایی و نەوریژی دەکەن لە دیدارەکانیان لە گەڵ نوێنەرانی تالیبان داوای ڕوونکردنەوەیان لێبکەن.
دوێنی، بۆ یەکم جار نوێنەرانی تاڵیبان کە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێکی سێ ڕۆژە بانگهێشتی نەرۆیژ کران و گەیشتنە ئوسلۆ پایتەختی ئەو وڵاتە.