کوردستان

تورکیا کۆچبەران ئەشکەنجە دەکات و لەسەر سنووری باکوور و ڕۆژهەڵات لەبەر سەرما دایاندەنێت

تراژیدیای مەرگی کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوەکان کۆتایی نایەت. بێجگە لە سنوورەکانی ئەورووپا، لەسەر سنووری دەستکردی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دەیان کۆچبەر بەهۆی سەرما یان هەندێ جار بەهۆی هەڵسوکەتی سەربازانی ئێران و تورکیا گیانیان لەدەست داوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر تەرمی ژن و پیاوێکی عەرەبی ئەحوازی لەسەر ئەو سنوورە دەستکردە دۆزرایەوە.

هەفتەی ڕابردووش تەرمی ژنێکی ئەفغان لەگەڵ دوو منداڵەکەی دۆزرابوویەوە. ژنەکە لە سەرمادا ڕەق هەڵاتبوو، منداڵەکانیش بەهۆی سەرماوە دەست و قاچیان سەرما بردبووی. ئێستا ئاشکرا بووە کە سوپای داگیرکەری تورکیا ئەو ژنە و دوو منداڵەکەیان قۆڵبەست کردووە و لەسەر سنووری باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایانناون.

ڕژیمی تورکیا لەسەر سنووری دەستکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەیان کیلۆمەتر دیواری بۆ ڕێگریی لە کۆچبەران لێداوە. سەرەڕای ئەوەش ئەو کۆچبەرانەی سنوورەکە تێدەپەڕێنن لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجە دەبنەوە.

مەحموود کاچان ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری بیرۆی مافی مرۆڤی وان، بە ئاژانسی هەواڵی فوڕاتی وتووە ئەو کۆچبەرانەی لەلایەن سوپای تورکیاوە دەگیرێن، ئەشکەنجە دەدرێن، پارەکانیان لێ دەسەندرێت و دواتر بە زۆر لەسەر خاڵی سنووری دادەنرێن.

مەحموود کاچان وتیشی بە دەیان کۆچبەر کە دواتر توانیویانە خۆیان بگەیەننە شاری وان، لای بیرۆی مافی مرۆڤ لەسەر ئازار و ئەشکەنجەکانی سوپای تورکیا سکاڵایان تۆمار کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌