سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ ئاماری پێشێلکارییەکانى ساڵى ٢٠٢١ بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران و دەزگاکانى ڕاگەیاندن بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٥٣ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ٢٦٠ ڕۆژنامەنوس و میدیاکار و دەزگای ڕاگەیاندن ڕوویداوە.
هەروەها ٢٥ حاڵەتی دەستبەسەرکردنى ڕۆژنامەنوس و میدیاکار بەبێ بڕیاری دادوەر تۆمارکراوە و ١٣ حاڵەتى هەڕەشەکردن و ٧ حاڵەتى دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و دوو حاڵەتى هەڵکوتانە سەر دەزگای ڕاگەیاندن و یەک کەیسى تەقەکردن هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەى ١٠ ساڵى ڕابردوودا ٢ هەزار و ٦٠٠ پیشێلکاری جۆراوجۆر بەرامبەر ڕۆژنامەنوس و میدیاکار و دەزگاکانى ڕاگەیاندن ڕوویداوە، کە لەناویاندا سێ ڕۆژنامەنوس تیرۆر کراون و ٧ ڕۆژنامەنوسیش لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون.
بە پێی ئەنجامی ڕاپرسیەکی سەنتەری میترۆ، ٨١ لە سەدی ئەو ژنانەی بەشداریان لە ڕاپرسیەکی ناوەندەکە کردووە ڕایانگەیاندوە لە لایەن هاوکار و هاوپیشەکانیانەوە ڕووبەڕووی هەراسان کردن بوونەتەوە.