جیهان

سەرۆکی پارتی چەپی ئەوروپا پشتیوانی کەمپینی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەکات

لە بەردەوامی هاوپشتی جیهانی بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان،”هاینز بیێرباوم” سەرۆکی پارتی چەپی ئەوروپا پشتیوانی کەمپینی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و یەکیەتی ئەوروپا دەکات.

سەرۆکی پارتی چەپی ئەوروپا هاینز بیێرباوم لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فۆرات، هێشتنەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆری دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا بە گەورەترین بەربەست بۆ ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکە دەزانێت و دەڵێت، پەکەکە لە شەڕی داعشدا بەرگری لە بەها مرۆییەکان کرد.

بیێرباوم، فروان بوونی هاوپشتی لە ئاستی جیهانیدا بۆ تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان بە گرینگ وەسف دەکات.

دەشڵێت، بەهۆی قەدەغەی سەر پەکەکە کورد نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە ئەوروپاش مافەکانیان پێشێل و زەوت دەکرێت.

هەروەها باس لەوەش دەکات بە هۆی قەدەغەی سەر پەکەکەوە، دەیان هەزار مرۆڤی کورد لە ئازادیی ڕادەربڕین،ڕێکخستن، کاری ڕۆژنامەگەری و مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەشکراون و ئەوەش رێگرە لە بەردەم ئاوێتەبوونی کورد و ئینتیگراسیۆنیان لەگەڵ کۆمەڵگەى ئەوروپی.

هاینز بیێرباوم وێرای شەرمەزارکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەوروپا بۆ تورکیا، جەختی لە سەر هەوڵەکانی ئازادیخوازان بۆ ڕێگری کردن لە هەناردە کردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ تورکیا دەکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌