جیهان

لە دوای خۆپیشاندانەکان سەرۆک وەزیرانی نوێ بۆ حکومەتی کازاخستان دیاری کرا

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە حکومەتی کازخستان، لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا دەستی لەکار کێشایەوە، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ بۆ پێکهێنانەوەی کابینەی حکومەت دەستنیشانکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە چوارچێوەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کازاخستان دا، سەرۆکی ئەو ووڵاتە قاسم جۆمەرت تۆکاییف، عەلی خان سمایلۆڤ ی بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی حکومەت کاندیدکرد.

ئەمەش لە دوای هەفتەیەک لە دەستلەکارکێشانەوەی ئەسکار مامین سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دێت کە لە ژێر فشارەکان دا دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی ڕاگەیاند.

عەلی خان سمایلۆڤ، لەلایەن سەرجەم پارتە سیاسیەکانەوە لە ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە پشتگیری لێکرا و بوە سەرۆک وەزیرانی ١٢ەمین کابینەی حکومەت لە کازاخستان دا.

عەلی خان سمایلۆڤ، پێشتر پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی کازاخستانی هەبوە، لە دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری ڕابردودا بەهۆی گرانبونی نرخی سوتەمەنی بە تایبەتی گازی شل، لە تەواوی کازاخستان دا خۆپیشاندان دەستی پێکرد و حکومەتی ئەو ووڵاتە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

لە ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکان دا ئەوەڕاگەیەندراوە تا ئێستا زیاتر لە چل کەس ژیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەشت هەزار کەس دەستگیرکراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌