کوردستان

پەیەدە بانگی کاردانەوە لە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا دەکات

ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە، لە لێدوانێکی نوسراودا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر کۆبانێ و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی شەرمەزار کرد و داوای بەهێز کردنی تێکۆشان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان دەکات.

پەیەدە هێرش و پەلامارەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ پێناسە کردووە و ڕایدەگەینێت، تورکیا ماڵ و حالی هاوڵاتیان و شوینە گشتی و ئایینەکان دەکات ئامانج و تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات.

پەیەدە ئاماژەی بەوە کردووە لە ئەنجامی هێرشەکەی دوێنی بۆ سەر کۆبانی ژمارەیەک هاوڵاتی لە ناویاندا ژن و منداڵ شەهید و بریندار بوون و زیانێکی زۆری مادیش بە هاوڵاتیانی ناوچەکە گەیشتووە. ئەمە تاوانی شەڕە.

پەیەدە دەشڵێت: ئەمە کۆمەڵکوژییە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لە دژی دانیشتوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی دەدەن و ئامانجیان تێکشکاندنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ناوخۆییەکان و دروستکردنی گرژییە.

پەیەدە سەڕەای شەرمەزار کردنی ئەو هێرشە هۆشداریش دەدات لەوەی کە هێرشەکان سەقامگیریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخاتە مەترسییەوە و گرژییەکان قوڵتر دەکاتەوە لەوە زیاتر، دەبێتە هۆی ئەگەری مەترسیدار.

داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕووسیا و ئەمریکاش دەکات دژی داگیرکارییەکانی تورکیا و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی بوەستنەوە، کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەموو جیهان دروست دەکەن و هەڕەشەی زیندووکردنەوەی داعش دەکەن لە ناوچەکەدا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌