ئێران

مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کۆی یەکەم بودجەی ساڵی ١٤٠١ی پەسەند کرد

مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ڕژیمی ئێران ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ کۆی گەڵاڵەی یەکەم بودجەی کابینەکەی ئیبراهیم رەئیسیی پەسەند کرد. لە کۆی ٢٦١ نوێنەری دەستنیشانکراوی ڕژیمی ئێران لە مەجلیس، ١٧٤ کەسیان دەنگیان بە بوودجەکەدا و ٧٦ کەس دژی وەستانەوە. شەش دەنگیش بێلایەن بوون.

لە بودجەکەدا تەرخانکردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بۆ دابینکردنی خۆراک و دەرمان وەلا نراوە.

وەلانانی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی، نیگەرانیی جیددیی بە نیسبەت ئەگەری گرانبوونی زیاتری کاڵاکان و نەمانی دەرمان درووست کردووە.

لە بودجەکەدا هەروەها پێشبینی کراوە کە دەوڵەت ساڵی ١٤٠١ ئەوپەڕەکەی ڕۆژانە ملیۆنێک و ٢٠٠هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. بەمپێیە داهاتی دەوڵەت لە فرۆشتنی نەوت لە ١٦ ملیار دۆلار تێناپەڕێت.

لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی لەلایەن حکوومەتی ئیبراهیم ڕەئیسییەوە لەکاتێکدایە کە بودجەی سپای پاسداران و ناوەندە میدیایی و ئابوورییەکانی گرێدراوی خامنەیی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لە گەڵاڵەنامەی بودجەدا هەروەها نرخی بەنزین و سووتەمەنی دیاری نەکراوە و ڕەخنەگران دەڵێن ئەوە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی حکوومەت دەیەوێ لە داهاتوودا نرخی سووتەمەنی جارێکی تر گران بکات.

بڕیاری حکوومەت بۆ سێ قاتکردنی نرخی بەنزین لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ سەرهەڵدانی سەرتاسەریی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە. لەو سەرهەڵدانانەدا کە ڕژیم بە توندترین شێوە سەرکوتی کرد، بەلایەنی کەمەوە ١٥٠٠ خۆپێشاندەر کوژران.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌