ژن

ئەنجومەنی نۆژین: یەکلایی بونەوەی سزاکەی زارا محەمەدی پاکتاوکردنی شوناسیی کورد و خۆسەپاندنە

ئەنجومەنی نۆژین، لە ڕاگەیەندراوێک دا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە یەکلایی بونەوەی سزاکەی زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کورد و ئەندامی ئەنجومەنەکە ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی نۆژین دا هاتوە، یەکلایی بونەوەی حوکمی پێنج ساڵ زیندانی بەسەر خاتو زارا محەمەدی، بەبێ بونی هیچ بەڵگەیەک و بونی سەدان پێشێلکاری مافی مرۆڤ و نەتەوەیی لە کوردستان، دەرخەری ئەوەیە کە گوتاری زاڵ بەهێز و توانایەوە دەستی داوەتە پاکتاوکردنی شوناسی کورد و خۆی ڕێکخستوە و دەیەوێت بە بەرهەمهێنانی کوردی کۆڵۆنیکراو پێناسەی خۆی بەسەر بون و ژیانی ئێمە دا بسەپێنێت.

ڕاشگەیەندراوە، نکۆڵیکردن لە هەموو مافە زمانییەکان و زەقکردنەوەی زمانی فارسی و هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکێتی زمانی نەتەوەیی کورد، هەوڵ بۆ بێدەنگکردن و هەڕەشەکردنەکانی پێناسەی گوتاری خۆی دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەکە دا ئاماژە بەوەش کراوە، دەسەڵاتی ئەمنییەتی خۆی سەپاندوە بەسەر هەموو دامودەزگاکان دا بەتایبەتی دادگا و هەموو چەشنە سەربەخۆیی بونێکی سڕیوەتەوە و پشتی لە هەموو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کردوە هەنگاو بۆ کپکردنی تەواوی هەموو ئەو دەرەتان و بنکانەی کە ئەگەری سەرهەڵدانی هەرچەشنە پێناسە و خۆڕاگری نوێیان تێدابێت هاویشتوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی نۆژین دا ئەوەش هاتوە، دەبێت نەتەوەی کورد بە هەموو لایەن و توێژەکانییەوە کار بۆ هێنانە ئارای میکانیزمێکی نوێ بۆ داهێنانی فۆرمێکی نوێ لە خەبات بۆ ئاڕاستەکردنی داخوازییە نەتەوەییە مۆدێرنەکانی هەموو ئەو پیلانانە پاشەکشپێ بکات.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی دا ئەنجومەنی نۆژین ئەو حوکمە ناڕەوایە شەرمەزار دەکات و بەڵێن دەدات تاکوو چەسپاندنی مافە نەتەوەییە مۆدێرنەکانی نەتەوەی کورد بەردەوامبێت لە تێکۆشان.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌