ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هێرشەکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران هۆشداریی دا

چەند ڕۆژێکە هێرشی ڕۆکێتی و مووشەکیی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق جارێکی تر سەریهەڵداوەتەوە. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەو هێرشانەی شەرمەزار کردووە و سەبارەت بە ئەگەری بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان هۆشداریی داوە.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕژیمی ئێرانی بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە زانی و ڕایگەیاند کە هاوپێمانی بە مافی خۆی دەزانێت هێزەکانیان لە بەرامبەر هەر هێرشێکی لەم چەشنە بپارێزن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێرشی مووشەکی بۆسەر بنکە سەربازییەکانیان پووچەڵ کردۆتەوە.

لە لایەکی دیکەوە جان کێربی گوتەبێژی پێنتاگۆن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە ڕوون و ڕاشکاو بە گوێی ئێرانماندا داوەتەوە کە ئاسایشی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا بۆ ئێمە هێڵی سوورە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ڕابردووی زایینییەوە، هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق کشاندۆتەوە و زۆربەی بنکە سەربازییەکانی ڕادەستی دەوڵەتی بەغدا کردووە.

گوتەبێژی پێنتاگۆن وتوویەتی کە پێدەچێت هێرشەکانی ئەمدواییە پەیوەندیی بە ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی ڕژیمی ئێرانەوە بێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌