جیهان

لەسەر داوای سەرۆک کۆماری کازاخستان، ڕووسیا بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران هێزی ناردووە

خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی کازاخستان سێ ڕۆژە لەسەر یەک بەردەوامە و تا ئێستا بە دەیان خۆپێشاندەر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەوە کوژراون.

پۆلیسی کازاخستان مکوڕ هاتووە لەوەی کە دەیان خۆپێشاندەری لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کوشتووە. ئیدعاشی کردووە خۆپێشاندەران ویستوویانە دەست بەسەر دامودەزگا حکوومییەکاندا بگرن.
بەرپرسانی کەرتی تەندرووستیش وتوویانە کە لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم هەزار برینداری خۆپێشاندانەکان سەردانی نەخۆشخانەکان کراون.

هێزەکانی سوپای کازاخستان بۆ ئەوەی پێش لە تەشەنکردنی خۆپێشاندانەکان بگرن، بە چەک و زرێپۆشەوە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شاری ئاڵماتا، پایتەختی پێشووی ئەو وڵاتە جێگیر کراون.

هاوکات، ڕووسیاش لەسەر داوای سەرۆک کۆماری کازاخستان هێزی بۆ سەرکوتی خۆپێشاندانەکان،ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

قاسم جومارت توقایۆف سەرۆک کۆماری کازاخستان، وەک نەریتی هەمیشەیی دەسەڵاتداران، خۆپێشاندەران بە تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و تەنانەت تیرۆریست ناو بردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندەران دژی گرانکردنی نرخی سووتەمەنی لەلایەن حکوومەتی کازاخستانەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

کازاخستان بەتایبەت لەوکاتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٠ لە یەکێتیی سۆڤێتیی جاران جیا بووەتەوە، وەک وڵاتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکاری ئازادیی ناسراوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌