کوردستان

بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە شاری مێهران چوار منداڵ بریندار بوون

ئەمڕۆش چوار کەسی دیکە لە شاری مێهران، سەر بە هەرێمی ئیلام بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار بوون.

تەقینەوەکە لە ناوچەی “بان چەرمگ”ی شاری مێهران ڕوویداوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنە خۆجییەکان، بریندارەکان تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ١٤ ساڵدایە و هەموویان لە ئەندامی بنەماڵە کۆچەرییەکانی ئەو هەرێمەن. بریندارەکان دەست و قاچیان پەڕیوە و دۆخی تەندرووستیان ناجێگیرە.

هەر چوار منداڵە بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی شاری مهێران گواستراونەتەوە.

تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ناسنامەی بریندارەکان دیاری نەکراوە.

تەقینەوەی مینی پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوە ناوە کارەساتی دڵتەزێنی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.

لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمە سێیەمین جارە تەقینەوەی مین لە هەرێمی ئیلام قوربانی و برینداری لێدەکەوێتەوە.

ڕۆژانی ٢٦ و ٢٨ و ٢٩ دێسەمبریش لە سێ ڕووداوی تەقینەوەی میندا لە شارەکانی دێهڵۆڕان و سەردەشت، هاوڵاتییەک گیانی لەدەست دابوو و دوو هاوڵاتیی تر بریندار ببوون.
ساڵی ٢٠٢١ تەنیا لە هەرێمی کرماشان ٤٥ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌