ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پادشای عەرەبستان داوا دەکات ئێران دەستبەرداری کردەوە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە بێت

مەلەک سەلمان، پادشای عەرەبستان کە دوێنی لە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری عەرەبستاندا قسەی دەکرد، سەبارەت بە هاوڕایی نەکردنی ئێران لە گەڵ وڵاتان لە مەڕ بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی، نیگرانی دەربری و وتی: سیاسەت و کردەوە تێکدەرانەکانی ئێران، ئاسایش و ئارامی ناوچەکەی تێکداوە.

هیواشی خواست ئیران دەستبەرداری کردەوە تێکدەرانەکانی بێت و ڕێگای وتوێژ و هاوکاریکردنی بگرێتە بەر.

هەر وەها مەلەک سەلمان تەئکیدی لە سەر کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی حزبوڵا لە وڵاتی لوبنان کردەوە و وتی: ئیمە وەک نەتەوەی برا لە پاڵ خەڵکی لوبناندا دەمێنینەوە، با ڕێبەرانی ئەو وڵاتە بەرژەوەندی خەڵکەکەیان لە بەرچاو بگرن.

پێنج ساڵ پێش وەک کاردانەوە لە دژی لە سێدارەدانی شێخ نمر، پێشەوای شێعەکانی عەرەبستان هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی عەرەبستان لە تاران و سوتێندرا. دوای ئەو ڕووداوەدا پەیوەندی نێوان تاران و ڕیاز پچڕا.

بەهاری ئەمساڵ بە ناوبژیۆانی دەوڵەتی عێراق لە نێوان کاربەدەستانی ئێران وعەرەبستان دانوستان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان دەستی پێکرد و چەندین خۆلی لێ بەڕێوەچووە، بەڵام نەگەیشتوونە ڕیکەوتن.

ئیران و عەرەبستان پشتیوانی دوو بەرەی جیاواز لە وڵاتانی سوریە و یەمەن دا دەکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌