کوردستان

سەلەفیەکان لە شاری جوانڕۆ بە چەک هێرشیان کردە سەر کافەتەریایەک

بە پێی زانیاری سەرچاوەکانی هەواڵی ئاریەن تی ڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، دوێنی ئێوارە چەند کەسیک بە چەکی کلاشینکۆف هیرشیان کردووەتە سەر “کافە لاوا” لە شەقامی فەرهەنگیان شاری جوانڕۆ کە کوڕان و کچان هاتۆچوویان تێدا دەکرد.

دەوترێت هێرشبەرەکان کە سەلەفی و لە هەمان کاتدا بەسیجی بوون، بە چەقو و شمشێر دوو کەسیان لە ناو کافەتەریاکەدا بریندار کردووە و پاشان لە دەرەوە دەستیان بە تەقەکردن کردووە.

ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕژێم لە زاری بەرپرسانی پۆلیسی جوانڕۆوەوە بە بێ ئەوەی زانیاری وردتر بڵاو بکەنەوە دەستگیرکردنی هیرشبەرەکانیان ڕاگەیاندووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، لە ژێر چاوەدێری دەزگاو ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێمدا، تاقمە تۆندرەو و سەلەفییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر خەڵک و هەوڵی پشیۆی و ئاژاوەنانەوە دەدن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌