ئێران

ئێران مووشەکێکی هەڵگری مانگیلەی هەڵدا بۆ ئاسمان

لە کاتێکدا، وڵاتانی ڕۆژئاوایی پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران بە پێشێلکردنی ڕێکەوتنی بەرجام دادەنێن،ئەمرۆ وەزارەتی بەرگری ئێران هەڵدانی مووشەکی مانگیلە هەڵگری ڕایگەیاند.

ئەحمەد حسێنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەمە ٩ی بەفرانبار ڕایگەیاند، مووشەکی مانگیلە هەڵگری سیمۆرغ بە سەرکوتوویی هەڵدراوە بۆ ٤٧٠ کیلومەتری ئاسمان.

ناوبراو بە بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بدرکێنێت تەنها وتی؛ ئامانجی هەڵدانی مووشەکەکەی سیمۆرغ بردنی سێ دەزگای لێکۆڵێنەوەیە.

لە کاتیکدا ئاژانسە ئێرانییەکان باس لە هەڵدانی سەرکەوتووانەی مووشەکەکە دەکەن، بەشێک لە چالاکوانان و چاودێرانی بارۆدۆخی ئێران دەڵێن ئەم جارەش ئێران لە هەڵدانی مووشەکی مانگیلە هەڵگردا شکستی هێناوە.

ڕۆژی ٢٢ مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئاژانسی ئاسوشێتدپرێس ڕایگەیاندبوو، ئێران ئامادەکاری بۆ هەڵدانی مووشەکی مانگیلە هەڵگر دەکات.

لە پووشپەڕی ئەم ساڵدا، کەناڵی سی ئین ئین رایگەیاندبوو، هەڵدانی مووشەکی سیمۆرغ بۆ چوارەمین جار لە سەر یەک شکستی هیناوە.

ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، هەڵدانی مانگیلە لە لایەن ئیرانەوە، وەک پەردەپۆش کردنی بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو ولاتە بە ناو دەکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌