کوردستان

بەدران چیاکورد​​​​​​​: بەڕێوبەریی خۆسەر دەتوانێ ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەریی سیاسی لە سووریا

بەدران چیاکورد جێگری هاوسەرۆکایەتیی مەجلیسی بەڕێوەبەری هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ساڵی ٢٠٢١ی لە ڕووی خەباتی سیاسی و دیپلۆماتیکەوە بە ساڵێکی پڕدەستکەوت ناو برد.

بەدران چیاکورد لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار وتی: ” ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی جیاواز بوو. بەڕێوبەریی خۆسەر لە ئاستی سیاسی و دیپلۆماسیدا هەنگاوی گەورەی هەڵێنا. هەروەها لە ئاستی سەربازیشدا کاری جیددی بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرا.”

تەئکیدیشی کردەوە کە ئەو پێشکەوتنانە بە فەداکاریی گەلانی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدەست هاتووە.

چیاکورد لە بەشێکی تری قسەکانیدا دیالۆگی سووری-سووریی بە گونجاوترین رێگەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا ناو برد و وتی: “ئێمە لەسەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکانی سووریاوە تا ئێستا دووپاتمان کردۆتەوە کە چارەسەکردنی قەیرانەکان لەدەستی سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەدایە.”

جێگری هاوسەرۆکایەتیی مەجلیسی بەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختی کردەوە کە سیستەمی بەڕێوبەریی خۆسەر دەتوانێ ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەریی سیاسیی.

بەدران چیاکورد وتی: “ئەزموونی بەڕێوبەریی خۆسەر سەرنجی وڵاتانی بیانیی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. ئەم ئەزموونە بەتایبەت لەو ڕووەوە کە تەئکید لەسەر پێکەوەژیانی گەلان دەکاتەوە، دەتوانێ ببێتە پڕۆژە و بنەمایەک بۆ چارەسەریی ئاڵۆزییەکانی سووریا.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌