کوردستان

مووچەی پەرستارانی ناوەندە تەندرووستییەکانی سنە هەشت مانگە دواکەوتووە

سه‌ره‌ڕای ئەوەی پێنج ڕۆژ له‌ مانگی به‌فرانبار تێپەڕیوە، تا ئێستا هێچ باسێک له‌سەر پێدانی مووچەی پەرستاران و کادری تەندرووستیی شاری سنە لە ئارادا نییه‌. ئەوان بەم مانگەوە دەبێتە هه‌شت مانگ مووچە و حەقدەستەکانیان دوا دەکەوێت.

بە گوێرەی هەواڵی کەناڵی تێلێگرامیی کۆڵبەرنیوز پەرستاران و کادری تەندرووستیی سنە بە مانگی بەفرانبارەوە دەبێتە هەشت مانگ مووچەیان وەرناگرن. ئەمەش ئەوانی ڕووبەڕووی گوشارێکی سەختی ئابووری کردووە.

“عه‌لی ئه‌شره‌ف ڕه‌حمان_په‌نا” به‌رپرسی په‌رستارانی نه‌خۆشخانه‌كانی شاری سنه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ داوه‌ کە سەرەڕای ئەوەی کادری تەندرووستیی نەخۆشخانەکانی سنە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی کۆڕۆنا بوونەتەوە، بەدەست دەیان گیر و گرفتی دیکەشەوە دەناڵێنن.

پەرستارانی سنەیی تا ئێستا چه‌ندین جار دژی دواکەوتنی مووچەکانیان ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیوە. بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکێکی بەرپرس ئاوڕی لێیان نەداوەتەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە مووچەی پەرستارانی شاری سنە دوادەکەوێت. ئەوان ساڵی ١٣٩٨ هەتاویش، بۆ ماوەی دە مانگ مووچەکانیان دواکەوتبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌