ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پەیامنێرانی بێ سنوور: ٢٣١ ناوەندی ڕاگەیاندنی لە ئەفغانستان داخراون و ٦٤٠٠ ڕۆژنامەوان بێکار بوون

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور و ئەنجۆمەنی پەیامنێرانی ئازادی ئەفغانستان لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا،دەڵێن؛لە کاتی هاتنەوەی تالیبان بۆ ئەفغانستان ٢٣١ ناوەندی ڕاگەیاندنی داخراون و زیاتر لە ٦هەزار ڕۆژنامەوان بێکار بوون.

ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە، باس لە دۆخی ڕۆژنامەوانان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە تاکو سەرەتای مانگی سەرماوەز، لە ئەفغانستان دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر گوشارەکانی سەر ڕۆژنامەوانان لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان و هاتووە، ڕۆژنامەونانان و پەیامنێرانی ژن زیاتر ڕووبەڕووی گوشار بوونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، پێش هاتنەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان،٢٤٩٠ ژن لە بواری ڕاگەیاندن کاریان کردووە، بەلام لە ئیستادا تەنها ٤١٠ ژن لەم بوارەدا سەرقالی ئیش کردنن. بە شێوەیەک لە هەر پێنج ڕاگەیاندنکاری ژن چواریان بێکار بوون.

ڕێژەی ئامارەکە بەراوەرد بە پیاوانی ڕاگەیاندنکار، ٥١ لە سەدە و لە هەر دوو پیاوی ڕاگەیاندنەکار یەکیان بێکار بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە، هاوینی ئەمساڵ زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەوانی ئەفغانستانی، لە بەیاننامەیەکدا، بانگیان لە ڕای گشتی و ناوەندە جیهانییەکان کرد، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژنامەوانان لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان هەستیار بن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌