ئێران

وەزیری دارایی ئێران ەتی دەکاتەوە یارانە زیاد بکرێت

وەزیری دارایی ئێران ڕەتی دەکاتەوە یارانە زیا بکرێت و ئابووری ناسان باس لە هەڵکشانی ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لەو وڵاتە دەکەن.

ئیحسان خاندووزی، وەزیری دارایی ئێران لە وتوێژێکدا لە گەڵ ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە، ڕەتی دەکاتەوە بڕی یارانە زیاد بکرێت و دەڵێت، کات و ڕۆژیکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دیاری نەکراوە.

ئەمە لە کاتێدایە، دوێنی، موحسێن ڕەزایی، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک کۆماری ئێران ڕاگەیاندبوو، لە ڕۆژی یەکی بەفرانباری ئەمساڵەوە واتە لە سبەینیەوە یارانە زیاد دەبێت.

ڕەزایی وتبووی، بۆ هەر بنەماڵەیکی ٤ کەسی بڕی ٨٠٠ هەزار تمەن پارە و کالا دیاری کراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی بودجەی ساڵی داهاتوو، لە پاڵ لابردنی دۆلاری ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی دا، دەنگۆی زیادکردنی یارانە لە ٤٥ هەزار و ٥٠٠ تمەنەوە بۆ ٨٠ هەزارتمەن بڵاو بوویەوە.

لە دوای ڕادەستکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو لە لایەن ئیبراهیم رەئیسیەوە بە مەجلیسی ئێران، نرخی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئێران زیاتر بووە.

بە شێوەیەک نرخی نان لە چەند پارێزگا بەرز بووەتەوە و لە تاران ئەمڕۆ نرخی شانەیک هێلکە ١١٠ هەزار تمەن و کیلویەک گۆشتی مریشک ٨٠ هەزار تمەن ڕاگەیەندراوە.

چاودێرانی ئابووری، ئەو بڕیارەی دەوڵەت وەک هۆکارێکی سەرەکی هەڵکشانی هەڵاوسانی ئابووری بە ناو دەکەن.

ناوەندی ئاماری ئێران مانگی ڕابردوو ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لەو وڵاتە ٤٤ و ٤ لەسەد دەستنیشان کردبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌