ئێران

مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران پلەبەندیی مامۆستایانی پەسەند کرد

دوای چەند ڕۆژ مانگرتن و خۆپێشاندانی سەرتاسەریی مامۆستایان، مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ڕژیمی ئێران ئەمڕۆ گەڵاڵەنامەی پلەبەندیی مامۆستایانی پەسەند کرد. بەڵام تا ئێستا مامۆستایانی زیندانیی ئازاد نەکردووە.

بەپێی ئەو گەڵاڵەنامەیە کە ئەمڕۆ لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی پەسەند کرا، پیشەی مامۆستایی لە پێنج پلەی جیاوازدا پلەبەندی دەکرێت و مووچەکان بەپێی ئەو پلەبەندییە دیاری دەکرێن.
دانانی سیستەمی پلەبەندی، داواکارییەکی سەرەکیی مامۆستایانی ناڕازی بوو.

شۆڕای هەماهەنگیی سەندیکاکانی مۆستایان لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دابوو کە ئەگەر مەجلیس تا یەکشەممەی داهاتوو ئەوگەڵاڵەنامەی پلەبەندی و هاوتاکردنی مووچەی مامۆستایان پەسەند نەکات، جارێکی تر دەست بە خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەکەنەوە.

ئەو بەیاننامەیە ئێوارەی دوێنێ دوای چوار ڕۆژ مانگرتن و خۆپێشاندانی سەرتاسەریی مامۆستایان بڵاو کرابوویەوە.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها تەئکید کرابوو کە دەبێ ڕەسووڵ بوداغی و سەرجەم مامۆستایانی دەستبەسەرکراوی چەند ڕۆژی ڕابردوو، دەستبەجێ ئازاد بکرێن. ڕاشگەیەندرابوو کە ئەگەر ئەو دەستبەسەرکراوانە ئازاد نەکرێن، مامۆستایان جارێکی تر دەڕژێنەوە سەر شەقامەکان.

ڕژیمی ئێران تا ئێستا ئەم داواکارییەی مامۆستایانی جێبەجێ نەکردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌