کوردستان

لایەنەکانی چوارپارچەی کوردستان، جگە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، هێرشەکەی شەنگالیان شەرمەزار کرد

هێرشەکەی دوێنێی ڕژیمی داگیرکەری تورکیا بۆسەر هەرێمی شەنگال کاردانەوەی توندی رێکخراو و لایەنە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بێجگە لە حکوومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.

ڕێکخراوە و لایەنە کوردستانییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان هێرشەکەی دوێنێی ڕژیمی تورکیا بۆسەر شەنگال و شەهیدبوونی مەروان بەدەل خودێداد هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگالیان بەتوندی شەرمەزار کرد.

تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموراتیک، تەڤدەم، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ئەو هێز و لایەنانەی ساڵی پار ڕێککەوتنامەی شەنگالیان بەبێ ویستی خەڵکی هەرێمە واژۆ کردووە، بەرپرسیاری ئەو هێرشانەن.

کۆنگرا ستاریش وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکە، جەختی لەسەر سەرخستنی پڕۆژەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر وەک تۆڵەکردنەوەی پەلاماری لەمچەشنە کردەوە.

پارتی یەکێتیی دیموکراتیک،پەیەدەش، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە بەرامبەر تاوانی لەمچەشنەی ڕژیمی تورکیا هەڵوێست نیشان بدات.

پارتی دیموکراتیکی گەلان، هەدەپەش، هێرشەکەی ڕژیمی تورکیای بە توندی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ڕژیمی تورکیا بەو هێرش و پەلامارانەی دەیەوێ کاری ناتەواوی داعش تەواو بکات.

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال، یەبەشەش، ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە بە هەماهەنگیی میتی تورکیا و پاراستنی پەدەکە ئەنجام دراوە. جەختیشی کردەوە کە تێکۆشان لەدژی هێڵی خیانەت و داگیرکاری بەرفراوانتر دەکات.

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، قەسەدەش هێرشەکەی بەتوندی شەرمەزار کرد و هێزە نێودەوڵەتییەکانی لە بەرامبەر پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل بە بەرپرسیار زانی.

لە مەخمووریش، دانیشتووانی کەمپی شەهید ڕۆستەم جوودی وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە داوایان لە ڕای گشتی کرد دژی تاوانەکانی ڕژیمی تورکیا بەرامبەر خەڵکی سڤیل هەڵوێست نیشان بدەن.

لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی شانە ئەمنییەکانی عێراقیش هێرشەکەی بە توندی شەرمەزار کردووە. بەڵام حکوومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ هەڵووێستێکیان لە بەرامبەر ئەم پەلامارەی ڕژیمی تورکیا نیشان نەداوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌