ئێران

وتەبێژی دەزگای دادی ئێران خۆپیشاندەرانی ئەسفەهانی بە تێکدەر ناو دەبات

وتەبێژی دەزگای دادی ئێران، دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەسفەهان بە تێکدەر ناودەبات و هەرەشەی سزا دانی قورسیان لێ دەکات.

زەبێح اللە خۆداییان، وتەبێژی دەزگای دادی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دانی بەوە دا ناوە کە ١٣٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی ڕابردوو لە ئەسفەهاندا دەستگیر کراون.

ناوبراو دەستگیرکراوەکان بە تێکدەر تۆمەتبار دەکات و هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورس بە سەریاندا دەکات.

دەشڵێت، ژمارەیک لە دەستگیرکراوەکان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، ئەوانەی دیکە تێکدەرن و دەبێت سزای خۆیان وەربگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە پێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لەو خۆپیشاندانانەدا زیاتر لە ٣٠٠ کەس دەستگیر کراون و زیاتر لە ٤٠ کەس بە هۆی تەقەکردنی هێزەکانی ڕژێمەوە ساچمە بەر چاویان کەوتووە و بینایان لە دەستداوە.

تا ئیستا چارەنووسی بەشێک زۆر لە دەستگیرکراوەکان نادیارە.

بەشێک لە جوتیاران و هاوڵاتیانی ئەسفەهانی، لە رۆژی ١٧ی خەزەڵوەرەوە لە دژی سیاسەتی هەڵەی کاربەدەستانی دەوڵەت و قەیرانی ئاو، لە سەر چومی زایندەروود لە ئەسفەهان دەستیان بە ئیشکگریی کردبوو.

ڕۆژی هەینی ٥ی سەرماوەز دوای پەرەسەندنی هاوپشتی خەڵک بۆ جوتیارانی ناڕازی، ڕژێم هێزێکی زۆری ئەمنی و پاسدار و بەسیجیی بەردایە گیانی خۆپیشاندەران و بە شێوەیەک دڕندانە خۆپیشاندانەکەیان سەرکوت کرد.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌