جیهان

لە پەرلەمانی سویسڕا پرسیار لەسەر تاوانەکانی ڕژیمی تورکیا کرا

بەشێکی دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی سویسرا بۆ هێرشە شیمیاییەکانی ڕژیمی تورکیا لەدژی باشووری کوردستان تەرخان کرابوو. لە دانیشنەکەدا چواردە “پێشنیارەپرس”ی جیاجیا ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا.

“فابیان مۆلین” و “کلاودیا فریدڵ” دوو ئەندام پەرلەمانی سویسرا سەر بە فراکسیۆنی پارتی سۆسیالیست بەجیا دوو پێشنیارە پرسیان ئاڕاستەی پەرلەمان کرد و ڕایانگەیاند تورکیا پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە قدەغەکردنی چەکی شیمیایی پێشێل کردووە.

فابیان مۆلین لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا وتی: چەندین هەواڵ بڵاو دەکرێنەوە کە باس لەوە دەکەن تورکیا چەکی شیمیایی لە هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە. ئەوەش پێشێلکردنی پرۆتۆکۆلی ژنێڤ، پەیماننامەی چەکە بایۆلۆژییەکان و چەکە شیمیاییەکان و هەروەها پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەو پەرلەمانتارە چەند پرسیارێکیشی لەبارەیەوە ئاراستە پەرلەمان کرد.

یەکێ لە پرسیارەکان ئەمە بوو کە ئایا سویسڕا داوای ڕوونکردنەوەی لە تورکیا کردووە؟ ئایا سویسڕا لە هیچ لێپرسینەوەیەکی سەربەخۆی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی چەکی شیمیایی بەشدارە؟ ئایا ئەو گازە شیمیاییانەی پێشبینی دەکرێت لەلایەن تورکیاوە بەکار هێنرابێت، بەرهەمی سویسڕایە؟

پەرلەمانتار کلاودیا فریدڵیش ئەم پرسیارانە ئاراستەی پەرلەمان کرد: ئایا کۆنسەی فیدڕاڵی ئاگای لەو تاوانانەی تورکیا هەیە؟ ئایا دەزانێت کە چەکی شیمیایی بەکار هاتووە یان نا؟ ئایا کۆنسەی فیدراڵ ئامادەیە لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتیی لەوبارەیەوە ئەنجامبدات؟

ئه‌مانه‌ش ببینه‌