جیهان

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا: ململانێی وڵاتان بۆ کۆنترۆڵکردنی زیرەکیی دەستکرد دەستی پێکردووە

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا ناسراو بە “ئێم. ئای.٦” دەڵێ کێبڕکێ و ململانێی وڵاتان لەسەر کۆنترۆڵکردنی “زیرەکیی دەستکرد” دەتوانێ ژیۆپۆلیتیکی جیهان بگۆڕێت. ئەمەشی وەک مەترسییەک لەسەر هەژموونیی وڵاتەکەی و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەقەڵەم داوە.

ڕیچارد مۆر سەرۆکی بەشی هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا ناسراو بە “ئێم.ئای.٦” ئەمڕۆ لە وتوێژێکدا لەگەڵ کەناڵی چواری ڕادیۆی بی.بی.سی وتی: “ئەندازیاریی کوانتۆم، بایۆلۆژیای دیزاینکراو، زانیارییە کەڵەکەبووەکان و سەرجەم ئەو پێشکەوتنانەی لەبواری زانستی کۆمپیۆتەردا دێنە ئاراوە، لەوانەیە هەڕەشە لەسەرمان درووست بکەن.”

ناوبراو نەیشاردەوە کە وڵاتەکەی لە هەنگاوەکانی وڵاتانی وەک چین و ڕووسیا لەبواری تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد نیگەرانە. ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی بەریتانیا وتی: “هەنگاوانەکانی چین و ڕووسیا لەوانەیە تا دە ساڵی تر ژیۆپۆلیتیکی جیهان بگۆڕێت.”

بەگوتەی سەرۆکی “ئێم.ئای.٦”ی بەریتانیا، ئەو پێشکەوتنانەی لە دە ساڵی داهاتوودا لەبواری تەکنەلۆژیاوە دێنە ئاراوە، لەوانەیە لە هەموو ئەو پێشکەوتنانەی بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو بەدەست هاتووە، زیاتر بێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌