ئێران

دەیان خۆپیشاندەری ئەسفەهانی بریندار بوون و منداڵێک چاوی لە دەستدا

لە ئەنجامی هێرشی پاسدار و بەسیجییەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندانی، خەڵک و جوتیارانی ناڕازی لە ئەسفەهان، دەیان کەس بریندار بوون.

بە پێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، لە ناو بریندارەکاندا منداڵێکی ١٥ ساڵان هەیە و ساچمەی چەکی هێزەکانی دژە شۆڕش،بەرچاوی کەوتووە و چاوی لە دەستداوە.

ئەو منداڵە لە نەخۆشخانەی کاشانی ئەسفەهان خەوێندراوە و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە، پزیشکەکان ناچار بوون، چاوگەلی دەربهێنن.

زیاتر لە مانگێک دەبوو، بەشێک لە جوتیاران وهاوڵاتیانی ئەسفەهانی، لە دژی سیاسەتی هەڵەی کاربەدەستانی دەوڵەت و قەیرانی ئاو، لە سەر چومی زایندەروود لە ئەسفەهان دەستیان بە ئیشکگریی کردبوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای پەرەسەندنی هاوپشتی خەڵک بۆ جوتیارانی ناڕازی، ڕژێم هێزی ئەمنی و پاسدار و بەسیجییەکانی بەردایە گیانی خۆپیشاندەران و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستی بە سەرکوتی خۆپیشاندەران کرد.

ڕێکخراوەکانی داکوکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ژمارەی دەستگیرکراوەکانیان ٢١٤ کەس و بریندارەکان زیاتر لە ٣٠ کەس ڕاگەیاند.

وتەبێژی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەسفەهان بە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانی وتووە، ١٩ هاوڵاتی کە لە سەروچاوەوە بریندار کراون لە نەخوشخانەکان خەوێندراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌