ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی لە داکشاندا بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان کێبڕکێیانە

لیرەی تورکی لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ جارێکی تر بە ڕێژەی دە لەسەد بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکا دابەزی.

دابەزینی نرخی لیرە، بە سەدان کەسی لە شارەکانی ئەنکەرە و ئەستەمبووڵ هێنایە سەر شەقامەکان. خەڵکی ناڕازی، ئەردۆغانیان بە سەبەبکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووریی تورکیا دەزانی و داوای دەست لەکارکێشانەوەیان دەکرد.

داڕمانی ئەمجارەی لیرە بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، دوای ئەوە ڕوویدا کە ئەردۆغان داکۆکیی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕژیمەکەی کرد.

دوێنێ، ڕۆژێک دوای قسەکانی ئەردۆغان لیرەی تورکی دە لەسەدی نرخی خۆی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکا لەدەست دا. ئەمڕۆش جارێکی تر هاڕەی کرد و گەیشتە ١٣ لیرە و ٤٤ قوروش بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکا. لیرەی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا نزیکەی چل لەسەدی نرخی خۆی لەکیس داوە.

لە ئێرانیش، نرخی تمەن ئەمڕۆ بۆ کەمترین ئاست لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دابەزی. ئێستا نرخی دۆلاری ئەمریکا لە ٢٩ هەزار و ٣٠٠ تمەن تێپەڕیوە.

هاوکات لەگەڵ دابەزینی لیرە و تمەن، نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان لەو دوو وڵاتە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. بەپێی ئامارێک، مانگی ڕابردوو ڕێژەی هەڵاوسانی نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان لە ئێران لەسەرووی ٦٠ لەسەد بووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌