جیهان

مانگی سوری کوردستان و ڕێکخراوێکی مرۆیی ئەڵمانیا هاوکاری دەگەیەننە کۆچبەرانی سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا

لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کۆچبەرانی سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، بەدەست پێشخەری مانگی سوری کوردستان بەردەوامە و چەندین جۆر هاوکاری و کۆمەکیان بۆ کۆچبەران کۆکردۆتەوە.

ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی ئەڵمانیا، لەو کەمپینەی مانگی سوری کوردستان بەشداری کردوە و بەشێک لە کۆمەک و هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکەی گەیاندە کەمپینەکەی مانگی سوری کوردستان تا لەوڕێگایەوە بگاتە دەستی کۆچبەران کەلە ڕەوشێکی پڕ مەترسی دان.

هاوکات لە دوای بانگەوازێکەی مانگی سوری کوردستان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کۆچبەران، خەڵکێکی زۆر پێشوازیان لە کەمپینەکەدا کردوە و بەشداربوون تا لەڕێگەی مانگی سوری کوردستانەوە هاوکارییەکانیان بەگەیەندرێتە کۆچبەران.

لە لایەکیترەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ڕاگەیەندراوێک دا ئاشکرای کردوە کە یەکەم هاوکاری مرۆیی خۆیان گەیاندۆتە کۆچبەران،لەکەمپی برۆزگی سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا.

زیاتر لە دوو هەفتەیە، لە سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بەهەزاران کۆچبەر کە لە نێویاندا کوردیش هەیە و زۆرینەیان ژن و منداڵان و لە هەوڵدان خۆیان بگەیەنن وڵاتانی ئەوروپایی و لە ڕەوشێکی دژواردان و تادێت مەترسی کارەساتی مرۆیی لەسەر ژیانیان ڕوولە زیاد بوونە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌