جیهان

١٧٠ کۆچبەر بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە لە بێلاڕووسیا ناوی خۆیان تۆمار کردووە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ١٧٠ کۆچبەری سەر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووسیا ناوی خۆیان تۆمار کردووە و دەیانەوێ بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە سەرجەم هەماهەنگییە لۆجستییەکان لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆکەخانەی مینسک پایتەختی بیلاڕۆووسیا تەواو کراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردۆتەوە، هاتووە ئەو وەزارەتە تا ئێستا ٥٥ پاسەپۆرتی کاتیی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران درووست کردووە.

بە وتەی سەحاف، ئەو کەسانەی دەچنە بیلاڕووسیا مەترسی ڕاستەقینەیان لەسەرە و ڕووبەڕووی تۆڕەکانی قاچاغچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەبنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەژدەی ئەم مانگە یەکەم کاروانی گەشتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران لە بیلاڕووسیاوە بۆ عێراق دەستپێدەکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌