کوردستان

لە ئورمییە ئیتڵاعاتی سوپای ڕژێم دووهاوڵاتی دەکوژن و ڕێگە بە دانانی پرسەکانیان نادەن

لەسنوری ئورمییە دووهاوڵاتی کورد بە گولەی چەکدارانی ڕژێمی ئێران دەکوژرێن و ئیتڵاعاتی سوپا ڕێگە نادات پرسەشیان بۆ دابنرێت.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵە مافی مرۆڤی کوردستان، دوێنێ دووشەممە لە شاری نەغەدە ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران، بنەماڵەی دوو هاوڵاتی کوردیان بەناوەکانی ئەسعەد ڕامین خەڵکی گوندی قاڕنێ و داود ڕەحیمی خەڵکی گوندی چقڵ مستەفا سەر بەو شارەیان بانگهێشتی کردوە بەمەبەستی نیشاندانی تەرمی ڕامین و داود.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای کردوە، لەو بانگکردنەدا، ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی بە بنەماڵەی ئەو دوو هاوڵاتییە کوژراوەیان ووتوە، کە لەکاتی دەستبەسەری، بەگولەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

ئاشکراشی دەکات، کە هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو دوو هاوڵاتییە کوژراوە بە بنەماڵەکانی بواردوە و هەروەها هەڕەشەشیان لێکردوون کە نابێت پرسەیان بۆ دابنێن.

پێشتر ڕاگەیاندنەکانی سەربەسوپای پاسدارانی ڕژێم باسیان لەوە کردبوو لە ڕێگای پیرانشار بۆ نەغەدە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها ئەوەش زانرابوو، لە ڕۆژی ١٠ی خەرمانانی ئەم ساڵی هەتاوی دا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ هەبونی مۆڵەتی دادوەر هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەو دووهاوڵاتییە و بەهۆی خۆڕادەست نەکردنیان، لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.

هەر ئەوکاتە بنەماڵەی ئەو دووهاوڵاتییە لەدوای دیارنەمانیان چەندین جار سەردانی ناوەندەکانی ڕژێمیان کردبوو بەڵام هیچ وەڵام و ڕوونکردنەوەیەکیان وەرنەگرتبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌