ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان: دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران بەمزووانە دەستپێدەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان،دەلێت؛ دانوستانەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان لە داهاتوویکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ کەناڵی ٢٤ی فەرەنسا، ڕایگەیاند؛ چوار خۆلی دانوستانەکانی نێوان کاربەدەستانی ئێران و عەرەبستان بەڕێوە چووە و لە داهاتوێکی نزیکدا، خۆلی تازەی ئەو دانوستانانە دەستپێدەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، بەڵام سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ڤیەننا نیگرانی دەربڕێوە و دەشڵیت؛ کاربەدەستانی تاران پیشینەی چەواشەکاریان لە دانوستانە ئەتۆمییەکە لە گەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی دا هەیە.

عەرەبستان و ئیسرائیل دوو وڵاتی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەن و سەبارەت بە گڕانەوەی واشنتۆن بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگرانیان هەیە، لەوەی بە بۆژانەوەی بەرجام و گەڕانەوەی ئەمریکا، بۆ ڕێکەوتنەکە،ئێران زیاتر لە جاران بەردەوام بێت لە دەستوەردانەکانی لە ناوچەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە،ڕابرت مالی نێردراوی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئێران، لە میانەی سەردانیکردنی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمیەکەی ئێران لە ڤیەننا لە گەل هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وتوێژ دەکات.

رابرت مالی پێنج شەممەی دەستی بە گەشتەکەی بۆ ناوچەکە کرد و تا ٢٠ نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت.

پێشتر سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتبووی؛دەستپیکردنەوەی پەیۆەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان تاران و ریاز کاتی دەوێت، بەڵام ناوبراو جەختی لە سەر بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان دوو وڵات کردەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌