جیهان

لەسەر سنووری ئەڵمانیا و پۆڵەندا ئامادەکاری بۆ ڕێگری لە کۆچبەران دەکرێت

پۆڵەندا هێزی لە نزیک ڕووباری “نەیسە”ی سەر سنووری نێوان ئەو وڵاتە و ئەڵمانیا کۆ کردۆتەوە و هەوڵ ئەدات بە هەر لەونێک بووە ڕێگە لە دەربازبوونی کۆچبەران بگرێت.

شایەحاڵێکی خەڵکی ئەو هەرێمە بە ئاژانسی هەواڵی فوڕاتی وتووە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆری پۆلیسی پۆڵەندی لەسەر سنووری ئەڵمانیا و پۆڵەندا کۆکراوەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە ئەگەرچی ژمارەی کۆچبەران لەسەر ئەو سنوورە لەچاو کۆچبەرانی سەر سنووری نێوان بێلاڕووسیا و پۆڵەندا زۆر کەمترە، بەڵام ئەو هێزانە هەوڵ ئەدەن نەهێڵن هیچ کۆچبەرێک لەو سنوورە دەربازی ئەڵمانیا ببن.

هاوکات لەگەڵ ئەوەش، بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەڵمانی هەوڵ ئەدەن هاوکاریی بگەیەننە کۆچبەران.

یەکێ لەو کەسانەی هەوڵی گەیاندنی هاوکارییەکان بە کۆچبەران دەدات، هاوڵاتییەکی ئەڵمانی بەناوی “یان هۆفێنباخ”ە. ئەو هاوڵاتییە بە ئاژانسی فوڕاتی وتووە: چەند هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەری ڕۆژهەڵاتی چەمی نەیسە و هەوڵ ئەدەن دەربازی ناو خاکی ئەڵمانیا ببن.”

بەگوتەی ئەو شایەتحاڵە ئێستا لە هەردووی سنوور، ژمارەیەکی بەرچاو هێزی پۆلیس جێگیر کراون و هەلیکۆپتەر بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەگەڕێت.

هاوکات مەترسیی کاردانەوەی هێزە نەژادپەرست و نێونازییەکانیش لە ئارادایە.

ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانییە وتوویەتی: مەترسیی ئەوە هەیە نەژادپەرستەکان لەسەر سنووری ئەو هەرێمە کۆببنەوە و ڕووبەڕووی کۆچبەران ببنەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌