ئێران

کانوونی نووسەرانی ئیران: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئارەش گەنجی دەستبەجێ و بێمەرج ئازاد بکات

کانوونی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا زیندانیکردنی ئارەش گەنجی نووسەر و وەرگێڕی ئێرانیی شەرمەزار کردووە. داواشی لە نووسەرانی سەربەخۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە لەدژی سەپاندنی سزای زیندان بەسەر ئەو نووسەر و وەرگێڕە ئێرانییە، دەنگ هەڵبڕن.

لە بەیاننامەکەی کانوونی نووسەراندا هاتووە: “کۆماری ئیسلامی ئارەش گەنجی ئەندامی دەستەی کارگێڕی کانوونیشی وەک سەدان مرۆڤی ئازادیخوازی دیکە ڕاپێچی زیندان کرد. ئەویش وەک ئەندامانی دیکەی کانوونی نووسەران لەمێژە ڕووبەڕووی گوشار و بوختان بووەتەوە. سەرەنجام بەبیانووی ئەوەی کتێبێکی لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وەرگێڕاوە، کۆمەڵێ تۆمەتی بێبنەمای ئاراستە کرا و خرایە زیندانەوە.”

کانوونی نووسەرانی ئیران وتەکانی ئارەش گەنجیی پێش ئەوەی ڕاپێچی زیندان بکرێت، بەبیر هێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە: “ئێمەش وەک ئارەش گەنجی دەڵێین تا نووسەران لەسەر ئاستی جیهان داکۆکیکار و پشتیوانی یەکتر بن، هیچ دەنگێکی ناڕازی بەتەنیا نامێنێتەوە. بۆیە داوا لە هەموو نووسەرانی سەربەخۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین دژی ئەو حوکمە سەپێندراوە و دژی سەرکوتی سیستەماتیکی ئازادیی ڕادەربڕین دەنگ هەڵبڕن.”

هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە ئارەش گەنجی بەدەست نەخۆشیی دڵەوە دەناڵێنێت، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی تەندرووستیی ئەو نووسەرە ڕاگەیاندووە. هۆشداریشی داوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی قەزایی ئەو ڕژیمە بەرپرسیاری پاراستنی تەندرووستی و گیانی ئارەش گەنجین.”

کانوونی نووسەرانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی سزای زیندانی ئارەش گەنجی، داوای ئازادیی دەستبەجێ و بێمەرجی ئەو نووسەرە، نووسەرانی دیکەی کانوون و سەرجەم گیراوانی سیاسیی کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌