ئێران

بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشوەختە ئێران بەبێ ئیزنی ڕووسیا ناتوانێ گازی خەزەر هەڵگۆزێت

دەوڵەتی ڕووسیا کە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی وەک دۆست و هاوپەیمانی ئێران ناوی دەبەن، ڕێگە بە تاران نادات گازی سرووشتی لە دەریاچەی خەزەر هەڵگۆزێت.

“ئەردەشیر دادڕەس” سەرۆکی ئەنجوومەنی “سی.ئێن.جی”ی ئێران ئەمڕۆ لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنای ئێرانی مکۆڕ هاتووە لەوەی کە ڕووسیا ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادات گازی کێڵگە گازییەکانی دەریاچەی خەزەر هەڵگوزێت.

ناوبرا وتوویەتی: “تاران و موسکۆ پێشتر ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی تا تەرازی گازی ئێران لە چاو تەرازی گازی ڕووسیا زیاتر بێت، کۆماری ئیسلامیی بۆی نییە کەڵک لە کێڵگە گازییەکانی خۆی لە دەریاچەی خەزەر وەرگرێت. بۆیە جارێ ناتوانین بیر لە هەڵگۆزینی گاز لەو دەریاچەیە بکەینەوە.”

ئێستا تەرازی گازی ڕووسیا، واتە ڕێژەی بەرهەمهێنان لەچاو ڕێژەی مەسرەفی ناوخۆیی، ١٨،١ ە و تەرازی گازی ئێران ١٧،٩یە. ئەگەر ئێران دەست بە هەڵگۆزینی گاز لە دەریاچەی خەزەر بکات تەرازی ئێران دەکەوێتە پێش ڕووسیاوە. ئەمەش لەلایەن ڕووسیاوە ڕێگەپێدراو نییە.

ئەم بەربەستەی ڕووسیا بۆ ئێرانی داناوە لە کاتێکدایە کە هەریەک لە وڵاتانی ئازەربایجان، تورکمەنستان، قەزاقستان و ڕووسیا دەستیان بە هەڵگۆزینی گاز لەو دەریاچەیە کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌