ئێران

ئێران؛ سێ کرێکاری کارگەیەکی پۆڵا بەهۆی گازی نیترۆژێنەوە گیانیان لەدەست داوە

حەوت کرێکاری کارگەیەکی پۆڵا لە هەرێمی زەنجان کەوتوونەتە ناو مەنجەڵێکی گەورەی گازی نیترۆژێنەوە. سێیانیان گیانیان لەدەست داوە و چواری دیکەیان ژەهراوی بوون.

بە گوێرەی ماڵپەڕی “ئیران کارگەر” کە هەواڵە کرێکارییەکان ڕووماڵ دەکات، ڕووداوەکە دوێنێ لە “کارگەیەکی پۆڵا” لە دەوروبەری شاری ئەبهەر سەر بە هەرێمی زەنجان ڕوویداوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، سەرپەرشتی کارگەکە یەکێ لە کرێکارەکانی دەنێرێتە ناو مەنجەڵێکی نیترۆژنەوە بۆ ئەوەی بێڵێک کە کەوتبووە ناو مەنجەڵەکەوە دەربێنێت. بەڵام ئەو کرێکارە لەناو مەنجەڵەکەدا بەهۆی کاریگەریی گازی نیترۆژێنەوە بێهۆش دەبێت. لەم کاتەدا کرێکارێکی تر بۆ ئەوەی گیانی هاوکارەکەی ڕزگار بکات دەچێتە ناو مەنجەڵەکەوە. ئەویش گازی نیترۆژن بێهۆشی دەکات. کرێکاری سێیەمیش بە هەمان شێوە دوای ئەوەی بۆ ڕزگارکردنی گیانی دوو هاوکارەکەی خۆی دەخاتە ناو مەنجەڵەکەوە، بێهۆش دەبێت. لە ئاکامدا هەرسێ کرێکارەکە بەهۆی کاریگەریی گازی نیترۆژن گیانیان لەدەست دەدەن. دەگوترێ هەرسێ کرێکارەکە تازە لەو کارگەیە دەست بەکار بووبوون.

لەو ڕووداوەدا چوار کرێکاری دیکەش کە لەنزیک مەنجەڵەکە بوون، بەهۆی هەڵمژینی گازی نیترۆژنەوە ژەهراوی بوون لەدەست داوە. هەرچوار کرێکارە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و ئێستا دۆخی تەندرووستیان جێگیرە.

ساڵانە سەدان کرێکار لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی ئیمکانیاتی ئیمەنیی کار و نەبوونی پەروەردەی گونجاو، گیانیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌